ڕاپۆرت/ دیلان سیروان
دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکی ئایار، لە دەربەندی بازیان، بەسوردی ”ئەوەڵی ئایار“ وبەئامادەبوونی کرێکارانی ژینگەپارێزو بیناسازی، کرێکانی تەکیەو چەمچەمال وبەردەقارەمان وهەریەک لەکارگەو کۆمپانیاکانی، گرین عیراق، ئاسن وپۆڵا و چیمەنتۆ و.. بۆ شکۆدار کردنی ڕۆژی جیهانی کرێکار، مەراسمێک سازدرا. مەراسیمەکە بەهاوبەشی ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار و ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری، بەر لەچەند هەفتە ئامادەیی بۆ کراو پاشان بانگەوازی بۆ کرا.
شاباز مەحمود، لە سەرەتادا بەخێرهاتنی لەئامادەبوان کردو وپاشان بەرنامەی مەراسیمەکەی پێشکەش کرد. ئینجا پەیوەند مەلا عەبدوڵا ووتەی ڕێکخەرانی مەراسیمەکەی خوێندەوە. بەدوای ئەویشدا مەهدی ڕەسوڵ سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا دوو پڕۆژەی وەک بەرنامەی کاری بڵاوکراوەکە بۆ ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند، کەیەکەمیان دامەزراندنی سندوقێکی هاوکاری و بەهاناوە چونی ئەو کرێکارانەیە کەتوشی ڕوداوەکانی شوینی کاردەبن وەیان پێویستان بەهاوکاریە، دووەمیشیان هەوڵدان بۆ ناوەندێکی یاسایی کەکێشەو سکاڵای کرێکاران لەبەرامبەر خاوەنکارو کۆمپانیاکاندا، لە دادگاکانی هەرێمدا یەکلابکاتەوە و خۆبەخشانە کاریان لەسەر بکات. بەدوای ئەویشدا وەستا مستەفا سکرتێری ڕیکخراوی بیناسازی پەیامی ئایاری ئەمساڵی بۆ ئامادەبوان خوێندەوە. پاشان ڕابەر ڕەفعەت هەڵسوڕاوی کرێکاریی ویەکێک لەڕێخەرانی مەراسیمەکە لائیحەی داخوازیەکانی پێشکەشکرد. دوا بڕگەی مەراسیمەکە ڕێگەدرا بەکرێکاران لەبارەی کێشەکانیانەوە قسەوباس بەکەن. مەراسیمەکە بە سرودی ”یەکی ئایار“، کۆتایی هات. شایانی باسە مەراسیمەکە لە کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆوە تا درەنگانێکی ئێوارە درێژەی کێشاو کرێکاران و ئامادەبوان لە کەشێکی شادی وپڕحەماسیدا، یەکتیران لە ئامیزگرت وبەڵینی هاوپشتی ویەکڕیزی و هەڵسوڕانی پێکەوەییان بەیەکتردا.
previous post